وتار

گۆڕان و ھاوپەیمانێتی

 

دوای نۆ ساڵ لەدروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک ھێزێکی سیاسی ریفۆرمخواز، ھێشتا ئەو ھێزە لەسەر قاچەکانی خۆی، بەھەمان خواست و ئیرادە، و بەھەمان پەیام و ئەو پرەنسیپانەی لەپێناویدا درووست بووە وەستاوە.

ئەوەی ئەرکی گۆڕان-ی وەک ھێزێکی سیاسی قورستر کردووە، لە بەدیھێنانی گۆرانکاری ریشەیی و وەرگەڕانی ئەم شێوازە نەخوازراوەی حکوم کە ھەیە، بۆ سیستەمێکی سیاسی و یاسایی، دروست، تەنھا خواستی پاوانکاری ئەو ھێزانە نییە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، وە بەتەنھا رێگرییەکانی ئەوان نییە بۆ گۆڕین، یاخود پێداگرییە توندەکانی دەسەڵات نییە، بۆ مانەوەی ئەم دۆخە وەک خۆی.

ئەوەی رێگای گۆڕان و ھاوبیرەکانی زیاتر درێژدەکات، مانەوەیەتی بەتەنھا یان لەگەڵ ھاورێی کەم، دوای نۆ ساڵ ئێستا لە دوایین ململانێی سیاسی ئەوەی داکۆکی و پێداگری لە ھەمان ئەو مەبدەئانەی گۆڕان کرد، کۆمەڵ بوو، بەڵام ھێشتاش دەنگەکان بەس نەبوون بۆ دروستکردنی کاریگەری گەورە، خواستی زۆرینە مانەوەی دۆخەکە بوو، بەو جۆرە، ئەو خواستە کە لەھەر گورانکارییەکی ناوخۆی دەترسێت، لەواقیعدا بینیمان لە دوایین ململانێ ئەو خواستە کە یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو زۆرینەکەیان پێکھێناوە، بەرنامەی سیاسی خۆی پێش خست، دواین ململانێی دەرخەری چەند راستییەکی رووتە.

بەپێی تۆماری نوێی کۆمسیۆن، بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندە، نەخشەی بەشداری سیاسی لەھەرێمی کوردستان گۆرانکاری بەسەردادێت، ھێزی نوێ بەشداری دەکەن، کە خەونی ئەوان، بەدیھێنانی حکومرانی تەندروست و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گۆرانکاریە.

ئەگەر ئامانج یەکە، کە گۆڕانکارییە لە دەسەڵات، و خەبات یەکە، کە خەباتی ئاشتییانەو رێگەی مەدەنییە، و نیشتیمانیش ھەمان نیشتیمان، و برین و کێشەکانیش ھەمان کێشەو نەخۆشین، کەواتە بژاردەی گونجاو ئەوەیە، ئەو ھێزە جیاوازانەی کار بۆ ئەو ئامانجە لێک چووانە دەکەن، پێکەوە بەرەی ھاوبەش ھەڵبژێرن، ئەوە رێگاکە نزیکتر دەکاتەوە، و ئەرکەکەش سوکتر، ئومێدیش بۆ خەڵک دەگێڕیتەوە، کە مەترسیی گەورە ھەیە خەڵکی بەیەکجاری بێ ئومێد بێت لە بەشداری ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی.

بێگومان، ئەو بەرەیە پێویستە بەرەیەک بێت، ململانێی لابەلاکان تێبپەڕێنت و لە ئامانجە گەورەکە بروانێت، کە خواست و ئومێدی خەڵکە، خەڵک چی دەوێت بتوانێت ئەوەی بۆبکات، بەوجۆرە ھەم خەڵک ئومێدی بە پرۆسەی سیاسی دەگەریتەوە، ھەم خاڵە لاوازەکانی ساڵانی رابردووی بەرەی ریفۆرم خواز، ئەگەری دووبارەبوونەوەی کەمە.

لەسادەترین تیگەیشتندا، ئەوەی دوو دەست و سێ دەست دەیکات، زیاترە لەوەی دەستێک دەیکات، من وای ئەبینم، قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، و کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران، سێ ھێزی گونجاو بن بۆ پێکھێنانی ئەو بەرەیە، لەگەڵ ھەر ھێزێکی دیکە کە بروای بەھەمان ئامانج ھەبێت، و میکانيزمەکەشی پێ قبوڵ بێت کە خەباتی دیموکراسیی و ئاشتییە.

خاڵی بەھێزی ھاوپەیمانێتییەکی لەو جۆرە، ئەو راستیە بەخەڵکی دەگەیەنێت، کە کۆمەڵگەی کوردی کێشەی پێکەوەژیان، یاخوود کێشەی ئیسلامی و عەلمانی نییە، وەدەکرێت بەرەیەک ھەبێت کە روئیای نیشتیمانی و دیدی نوێی ھەبێت لە دەرەوەی ئەو جیاوازییە، ئەمە نزیکترە لە واقعی کۆمەڵگەیەک کە ئەوە تێیدا براوەتەوە، کە زۆرینەی رەھای موسوڵمان و زۆرینەی رەھاش سونەن، کەواتە ئێمە کێشەی مەزھەبی و دینیمان نییە، ئەڵبەت ئەمە بەرچاوکردن و رێزگرتن و پاراستنی مافی پێکھاتەو دینەکانی دیکە کەلەھەرێمی کوردستان بوونیان ھەیە.

بێگومان، ئەوکات کۆمەڵگەی ئێمە یەکگرتووتر دەبن، و لە رووی سیاسیشەوە، ئەو ئاراستە گوێ لێگیراوتر و کاریگەرتر دەبن، تەنانەت ئەگەر بژاردەی ئۆپۆزسیۆنیش ھەڵبژێرن دەنگیان زیاتر دەروات.

وابیر ئەکەمەوە، ئێستا بژاردەی گونجاو ئەمەبێت، بۆ ئەوەی ململانێکانی رابردوو بەھەمان فۆرم دووبارە نەبنەوە، بەرەکە دەکرێت دەرگای کراوەبێت چاوی تەنھا لەسەر ئەو ھێزانە نەبێت، بەڵام لەرووی واقعییەوە پەیامی ئەو سێ ھێزە نزیکە لەیەک و بۆ کاری ھاوبەشیان لەمپەرێکی ئەوتۆ نابینرێت.

پێگەی کۆمەڵ و گۆران، ئێستا دیارە، قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش، خەڵکی چاوەڕوانی کاریگەری بچوکی لێناکات، رەنگە کارەکانی دامەزرێنەرەکەی لەناو حکومەتدا لە رابردوو، وابکات ئاسانتر بچێتە ناو خەڵک و زووتر بناسرێتەوە، کەواتە کۆی کاریگەرییەکانی ئەم ھێزانە دەکرێت، ئەنجامێکی باشی بۆ خەڵک ھەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەی سیاسەت مامەڵەیە لەگەڵ ئەوەی ئێستا لەواقعدا دەگوزەرێت، مامەڵەکردن بە جۆرێک ئایندەیەکی باشتری پێ بێتەدی.

فەرمان حسن

 

زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close
Close