کوردستان

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا ڕه‌وشی ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 31/10/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز فرانك بێكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له عیراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد كه به مه‌به‌ستی ماڵئاوایی و به‌كۆتاهاتنی كاره‌كانی وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له عیراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.

له دیدارێكدا به‌رێز بێكه‌ر سوپاسی پاڵپشتی و كارئاسانییه‌كانی حكوومه‌ت و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ئاشنایه‌تی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌.

سه‌باره‌ت به بارگرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش دووپاتی كرده‌وه كه هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه و زه‌مینه‌سازی بۆ دروستكردنی دیالۆگ و گفتوگۆ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به شێوه‌یه‌ك گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق چاره‌سه‌ر بكرێن و كۆتایی به توندوتیژی بهێنرێت.

لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌رێز بێكه‌ر له كار و ئه‌ركی نوێیدا خواست، هه‌روه‌ها داوای كرد به‌ڕێزیان و حكوومه‌تی به‌ریتانیا ڕۆڵی خۆیان له دروستكردنی كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو بۆ زه‌مینه‌سازی و گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ببینن.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاماده‌ییی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان نیشان داوه و هیچ كاتێك لایه‌نگری گرژی و به‌ریه‌ككه‌وتنی سه‌ربازی نه‌بووه، ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌شی به نه‌خوازراو زانی و ڕایگه‌یاند كه پێویست بوو به‌غدا دان به‌خۆیدا بگرێت و هه‌وڵ بدات به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ده‌ست به گفتوگۆ و دیالۆگی جددی بكات و له‌مباره‌یه‌شه‌وه ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕه‌خساندنی كه‌شوهه‌وای گفتوگۆ به پێویست زانی.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و دوا پێشهاته‌كانه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.

زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close