جیهان

سه‌رۆكی ئۆپوزسیۆنی یۆنان بۆ پشتی-نیوز: ئه‌گه‌ر هاتینه‌ سه‌ر حكومه‌ت، پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی زۆر ئاسان ده‌كه‌ین

سه‌رۆكی حیزبی نێیا دیمۆكراتیا (Nea Dimokratia) كیریاكۆس میچۆتاكیس (Kyriakos Mitsotakis), كه‌ دووه‌م حیزبی وڵاتی یۆنانه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ گه‌ڵ په‌یامنێرانی بیانی له‌ شاری ئه‌سینا، باسی دۆخی سیاسی یۆنانی كردوو و هه‌روه‌ها باسی پلانی حیزبه‌كه‌ی كرد، كاتێك كه‌ ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی یۆنان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌ختی له‌ باری ئابوری یۆنان كرد و حكومه‌تی ئێستای یۆنان تۆمه‌ت بار كرد كه‌ هه‌ڵه‌ی مه‌زنی كردووه‌ بۆیه‌ تا ئێستا دۆخی ئابوری یۆنان چاره‌سه‌ر ناكراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی په‌نابه‌ران له‌ یۆنان، تیمی پشتی-نیوز (پشتیوان جاف و دیار ئه‌حمه‌د عومه‌ر) 2 پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئۆپوزسیۆن كرد، بۆ ئه‌وه‌ی پلانی حیزبه‌كه‌ی ئاشكرا بكات ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا كه‌ له‌ ساڵی 2019 ئه‌نجام ده‌درێن چ شتێكی جیاواز بۆ په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی یۆنان به‌ده‌ست بێنن.

په‌یامنێرمان، پشتیوان جاف، له‌ میچۆتاكیسی پرسی:

“جه‌نابی سه‌رۆك، له‌ 3 مانگی ڕابردوودا، ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌ر روویان كرۆته‌ دوورگه‌كانی یۆنان. به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌ مانگی 1 و 2 و 3, 3.500 كۆچبه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ وڵاتی یۆنان له‌ ده‌ریای ئیجه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ببن به‌ حكومه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ یۆنان چۆن ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی كۆچبه‌ران كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌كه‌ن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی، به‌ پێی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای یۆنان، هه‌ر كۆچبه‌رێك داوای مافی په‌نابه‌رێتی بكات، نزیكه‌ی 2 ساڵ ده‌خایه‌نێت هه‌تا مافی په‌نابه‌رێتی و ئه‌وراقه‌ فه‌رمیه‌كانی پێده‌درێت. جیاوازی حیزبیی ئێوه‌ چی ده‌بێت؟

سه‌رۆكی حیزبی Nea Dimokratia: پرسیاره‌كه‌تان، جوانه‌. ئێمه‌ پلانی تایبه‌تمان  هه‌یه‌ بۆ دۆخی په‌نابه‌ران له‌ یۆنان. حكومه‌تی ئێستا 100% رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا جێ به‌ جێ نه‌كردووه‌، ئێمه‌ یه‌كه‌م كارمان جێ به‌ جێ كردنی رێكه‌وتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌بێت و هه‌ر وه‌ها ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا لێیشێواوه‌ و ناتوانێت كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكات. پلانمان داناوه‌، كه‌ رێكه‌وتنێك بكه‌ین له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا، پرۆسه‌ی پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی، زۆر ئاسانتر بكه‌ین و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ وه‌ك په‌نابه‌ر بیاناسین یاخوت نا.

چونكه‌ وه‌ك ده‌زانن، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ روو ده‌كه‌نه‌ وولاتی یۆنان، هه‌موو یان په‌نابه‌ر نین، بۆیه‌ پێویست ناكات هه‌موو یان مافی په‌نابه‌رێتیان پێ بدرێت. ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا، بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه‌ ڕه‌فزیان وه‌ر گرتووه‌، دووباره‌ لێ كۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كێسه‌كه‌یان ناكات به‌ په‌له‌، ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌خایه‌نێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌ر له‌ وولاتی یۆنان گیریان خواردبێت و بێ وڵام له‌م وولاته‌ بژین.

هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شی گوت: ”حكومه‌تی یۆنان، بودجه‌یه‌كی زۆری له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ر گرتووه‌ و شه‌خسی خۆم سه‌ردانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌مپه‌كانم كردووه‌، دۆخی په‌نابه‌ران له‌ نێو كه‌مپه‌كان، زۆر خراپه‌ و به‌ پێی پێویست ئه‌و بودجه‌یه‌ بۆ په‌نابه‌ران و كه‌مپه‌كان سه‌رف ناكرێت.”

 

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر یۆنان

په‌یامنێری پشتی-نیوز له‌ ئه‌سینا، پرسیارێكی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر یۆنان له‌ سه‌رۆكی ئۆپوزسیۆنی یۆنان كرد.

پشتیوان جاف:  جه‌نابی سه‌رۆك، له‌ وتاره‌كه‌ی به‌ڕێزتان باسی برایه‌تی نێوان توركیا و یۆنانتان كرد، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، سه‌رۆك كۆماری توركیا باسی 150 دوورگه‌ی یۆنان ده‌كات كه‌ هی توركیایه‌ و باسی خه‌لافه‌تی عوسمانیه‌كان ده‌كات. ئێوه‌ له‌و كاته‌شدا هه‌ر باسی برایه‌تی ده‌كان، یاخوت به‌ هه‌مان شێوه‌، وه‌ڵامێكی توندان به‌رامبه‌ر توركیا ده‌بێت؟

سه‌رۆكی حیزبی Nea Dimokratia: وڵاتی یۆنان له‌ رووی سه‌ربازیه‌وه‌، وڵاتێكی به‌ هێزه‌ و ده‌توانێت ماف و سنوره‌كانی خۆی بپارێزێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ مه‌به‌ستمان بێت له‌ گه‌ڵ وڵاته‌ جیرانه‌كانمان ده‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و شه‌ڕ بكه‌ین. ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ ده‌توانین هه‌موو كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

 

 

 

Pishti-News Media Team in Greece – Athens: Pishtiwan Jaf & Diyar Ahmad Omer

 

 

 

 

زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close