جیهان

بیرۆکەی سوپای ئەوروپی کەی و لە کوێوە سەرچاوی گرتووە؟

سوپای یەکگرتووی ئەوروپی: دەرفەت و ئاستەنگەکان

ئاستەنگەکان چین و کێن ئەو لایەنانەی کە پشتگیری ئەم پرۆژەیە دەکەن؟ نەیارەکانی کێن؟

ئایا پێکهێنانی سوپای یەکگرتوی ئەوروپی لە ئێستادا مەحاڵە یان بۆتە واقیع؟

کاریگەریی و کارکردی سوپای ئەوروپی بۆ ئەوروپا و جیهان و دۆزی کورد چین؟

بیرۆکەی پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی کۆنە و بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک ستروکتوری دەسەڵات لە ئەوروپا لە پاش ڕێکەوتننامەی وێستفالیا (1648) لە سیستمی میرنشینی دەسەڵاتەوە گۆڕا بۆ دەوڵەتی قەومی. ئەو کات کۆمەڵێک لە سیاسەتمەداران، پیاوانی ئاینی و بیرمەندانی گەورەی ئەوروپا خواستی پێکهێنانی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپییان هێنایە پێشەوە.

بەڵام لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی قەومیدا ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی خاکی ئەوروپا زیاتر و فراوانتر بوون. ئەمەش نەک بووە ڕێگرێک لەبەردەم پێکهێنانی سوپایەکی ئەوروپی، بەڵکو بووە هۆکاری دروستبوونی جەنگ و ناکۆکی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا.

بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی گەورەهێزانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە پێکهێنانی هێزی هاوبەشی ئەوروپی و لانی کەم هاریکاری لە بواری سەربازیدا دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ڕێگرتن لە جەنگ و هێنانەکایەی سەقامگیری درێژخایەن لە ئەوروپادا. ئەمەش وایکرد کە لە کۆتایی ساڵانی چل و سەرەتای ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێک بیرۆکە و پرۆژەی سەربازی بۆ هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەوروپا پێشنیار بکرێن.

یەکێک لەو پرۆژانەی کە هەر لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانییەوە کاری بۆ کرا بریتی بوو لە پەیماننامەی سەربازی برۆکسل کە دامەزراندنی ‘یەکێتیی ئەوروپای ڕۆژئاوای’ بەدوای خۆیدا هێنا کە بریتی بوو لە هاریکاری سەربازی لە نیوان بەریتانیا، فەرەنسا و سێ وڵاتەکەی بەنەلوکس. هەرچەندە ئەم پرۆژەیە لە سەرەتادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و میکانیزمی هاوبەش بۆ هەماهەنگی سەربازی پێکهێنران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارینەکردنی ئەڵمانیا لەو ستروکتورەدا وەک کەماسییەک دەبینرا.

ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە هێنانەکایەی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم تاوانبار کرابوو وە وەک مەترسییەک بۆ سەر سەقامگیری لەسەر ئەوروپا دەبینرا. لەو ڕوانگەیەشەوە هەر پرۆژەیەکی سەربازی بێ بەشداریکردنی ئەڵمانیا شانسی سەرکەوتنی درێژخایەنی نەبوو،

هەر لەو ساڵانەدا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و فەرەنسا کەوتنەخۆ بۆ پێشنیارکردنی پرۆژەی سەربازی تا ڕادەیەک ڕکابەر. خواستی ئەمریکا ئەوەبوو بەرەیەکی سەربازی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکبهێنێ وەک میکانیزمێک بۆ بەرگرتن لە فراوانبوونی هەژموونی سۆڤیەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا. لە بەرامبەردا فەرەنسا بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ (دگۆل) کاریدەکرد بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەربازی ئەوروپی، هاوچەشنی کۆمەڵگەی ئەوروپی، کە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی

ئەو دەسەڵاتەی بۆ خۆی بەڕەوا دەبینی. فەرەنسا لە ساڵی 1952 دا پرۆژەی (کۆمەڵگەی سەربازی ئەوروپی پێشنیارکرد کە لە فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی بەنەلوکس پێکدەهات. بەریتانیا هەر لەو کاتەوە بەشداری پرۆژەکەی نەکرد و لەو باوەڕەدا بوو کە هیچ پرۆژەیەکی سەربازی بۆ پاراستنی ئەوروپا بە بێ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو نابێ. هاوکات ویلایەتە یەکگرتوەەکانی ئەمریکا کاریکرد بۆ پێکهێنانی ئەو بەرە سەربازییەی کە ئارەزووی دەکرد کە ئەوەش (هاوپەیمانی ئەتڵەسی – ناتۆ) بوو لە ساڵی 1949دا. هەژموونی فراوانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا وایکرد کە پرۆژەی سەربازی ناتۆ سەرکەوتوو بێ و لە ساڵی 1954دا ئەڵمانیای ڕۆژئاواش بووە ئەندامێکی ڕێکخراوی ناتۆ.

لەو کاتەوە ناتۆ وەک سەرەکیترین ڕێکخراوی هاریکاری سەربازی لە ڕۆژئاوادا ڕۆڵ دەگێڕێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا هەوڵیان داوە ڕێکخراو و میکانیزمی تایبەتی ئەوروپی لە بواری سەربازیدا پێکبهێنن.

لە دوای لەبەریەک هەڵوەشانی بەرەی سۆڤیەت و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیاوە، گەورەهێزانی ئەوروپا پرسی هاریکاری سەربازییان خستە ئەجێندای سیاسی ئەوروپاوە. لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا (سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە و ئاسایش) بووە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا. ئەم ستروکتورە ڕێکخراوەیی و سیاسییە نوێیە ڕێخۆشکەر بوو بۆ پێکهێنانی چەند میکانیزمێکی سەربازی هاوبەش کە ڕۆڵی ئەمانە پتر بریتییە لە ڕێگرتن لە جەنگ و و هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا یەکێتیی ئەوروپا لە نێوان 1997 و 2017دا 35 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و مرۆیی لە هەریەک لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپادا ئەنجامداوە.

بەڵام بە گشتی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازی و مرۆییانە دەسەڵاتی جەنگ و بەرگیرکردنیان نییە و جگە لەوەش درێژخایەن و بەرفراوان نین. بە واتایەکی دی ناکرێ وەک هێزی سەربازی لێیان بڕوانرێ. ئەمەش وایکردووە کە خواستی سوپای یەکگرتووی ئەوروپی وەک خەونێک بمێنێتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا هەریەک لە فەرنسا و بەریتانیا لە لایەک و فەرەنسا و ئەڵمانیا لەلایەکی دی هاریکاری سەربازی دوقۆڵییان پەرە پێداوە. بەلام هیچ یەک لەمانە و هیچ لە پرۆژە ئەوروپییەکانی دیکە نەبوونەتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی. لە کۆتایی 2017 دا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی گرنگیان دەرکرد کە ئەویش بریتییە لە دروستکردنی بازاڕێکی سەربازی هاوبەشی ئەوروپی کە ئامانج لێی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی چەکی هاوبەشی ئەوروپی و تەکنەلۆژیای سەربازی ئەوروپییە کە ئەمەش وەک تەکانێکی گرنگ بە ئاڕاستەی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی لێکدەدرێتەوە.

لە ئێستاشدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا خواستی دروستکردنی سوپای هاوبەشی ئەوروپی وروژاندووە کە ئەمەش کاریگەری لە سەر ئایندەی ناتۆ و هەژموونی ئەمریکا لە ئەوروپادا هەیە.

ئاستەنگەکان: بەرژوەندی ستراتیژی وڵاتان، ناتۆ، جیاوازی لە فەرهەنگ و سیستەمی سەربازیدا

کۆمەڵێک فاکتەر وەک ئاستەنگ لەبەردەم درووستبوونی سوپای یەکگرتووی ئەوروپیدا بوونیان هەبووە و هەیە. یەکێک لەو فاکتەرە سەرەکیانە پراکتیکیە، ولاتانی ئەوروپی لە ئێستادا سەرەڕای چەند دەیەیەک لە هەماهەنگی سەربازی، فەرهەنگی سەربازی و سیستەمی بەرگری و میکانیزمی سەربازی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئەمەش وا دەکات پێکهێنان و هارمۆنیزەکردنی ئەم فەرهەنگ و سیستەمە بەرگرییە جیاواز بەیەکانە تا ڕادەیەک مەحال بێ. لەسەرو ئەوانەشەوە خواستی وڵاتانە کە ئەوەش وەک ئاستەنگێک دەبینرێ.

بواری بەرگری سەرەکیترین کایەی ‘ستراتیژی نەتەوەیی’ هەر وڵاتێک پێکدەهێنێ. لەو ڕوانگەیەوە بەدەستەودانی دەسەڵاتی سەربازی وڵاتان و ناردنی هێزی تایبەت بە خۆ بۆ ناو ‘هێزێکی ئەوروپی’ کە دەسەڵاتی جوڵاندنی لە برۆکسل بێ، بیرۆکەیەکی تا ئێستاش نەخوازراوە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە. فاکتەرێکی دیکەی ڕێگر لە بەردەم سوپای یەکگرتووی ئەوروپیدا بریتییە لە ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای دروستبوونیەوە وەک پارێزەری سەرەکی ئەوروپا ڕۆڵی گێڕاوە و تەواوی توانا و پێداویستییە سەربازییەکانی لەبەردەستدایە بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە. لەو سۆنگەیەشەوە پێکهێنانی سوپایەکی تایبەتی ئەوروپی وەک پڕۆژەیەکی ڕکابەر بە ناتۆ لە قەڵەم دەدرێ و لە هەر کاتێکدا بیرۆکەیەکی لەو جۆرە کاری لە سەر کرابێ، ئەوا بۆتە هۆی دووبەشکردنی وڵاتانی ئەوروپی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و بەرهەڵستکار لە ناتۆ.

ئەمە دووبەرەکییە سەبارەت بە سوپای ئەوروپی و ڕۆڵی ناتۆ ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان و دیدگای جیاوازی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە مەترسییە دەرەکییەکان هەیە. بۆ نمونە لە ئەوروپادا بەریتانیا هەمیشە گرنگی و بایەخی تایبەتی بە ‘پەیوەندیە ئەتڵەسییەکانی’ لەگەڵ ئەمریکادا داوە و لەو چوارچێوەیەشدا نەک تەنها سوپای ئەوروپی بە پێویستە نابینێ، بەڵکو بەڕێکخراوەییکردنی هەر هەنگاوێکی سەربازی هاوبەشی (فرانکۆ-جێرمان)ی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک مەترسییەکی دوورمەودا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێ. هەرچی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ئەوروپاشە، ئەم وڵاتانە پشتگیری مانەوەی ڕێکخراوی ناتۆ دەکەن وەک پارێزەری سەرەکیان بەرامبەر مەترسی ڕووسیا.

هەرچی فەرەنساشە هەمیشە هەوڵیداوە ستروکتورێکی سەربازی ئەوروپی جێگرەوەی ناتۆ، یاخود لانی کەم هاوتەریب و هاوبەش لەگەڵ ناتۆ، پێکبهێنێ و رۆڵی سەرەکی لەو دەسەڵاتە سەربازییە ئەوروپییەدا بگێڕێ کە ئەمەش پایەیەکی سەرەکی دیدگای ‘دگۆلیستەکان’ە بۆ ڕۆڵی فەرەنسا لە جیهاندا. ئەڵمانیاش لە لای خۆیەوە هەرچەندە پشتگیری سوپایەکی ئەوروپی دەکات، بەڵام ناخوازێ لە کورت مەودادا ئەم پڕۆژەیە وەک جێگرەوەی و ڕکابەرێکی ناتۆ ببینڕێ، بەڵکو خوازیارە لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی سەربازیدا یەکێتیی ئەوروپا ژێرخان و ستروکتوری گونجاو بۆ هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی لە ئەوروپادا بهێنێتە کایەوە، بە چەشنی بازاڕی هاوبەش و ئەو یەکگرتنە ئابووریەی کە ئێستا لە ئارادایە.

تێکڕای ئەم ئاستەنگانە وا دەکەن کە پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی لە تاکە هەنگاوێکدا مەحاڵ بێ، بەڵکو پێویستی بە خۆئامادەکاری و ویستی سیاسی وڵاتان هەیە کە ئەوەش ڕەنگە لە دوو دەیەی ئایندەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییانەی کە لە سەر ئەوروپا و جیهان هەیە، سوپای ئەوروپی لە خواستێکەوە بکەنە پێویستییەکی ڕۆژگار.

ماوەتەوە ئەو پرسیارەی ئاخۆ دروستبوونی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی تا چەند لە سوودی ئەوروپا و جیهاندایە و کاریگەریی لە سەر دۆزی کورد چۆن دەبێ؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش بەندە بە کاریگەری ئەو سوپایە لە سەر پەیوەندییە ستراتیژییە ئەتڵەسییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هیڵانەوەی ڕێکخراوی ناتۆ. بەڵام گومانی تێدا نییە سوپایەکی ئەوروپی هێز و توانای زیاتر دەداتە ئەوروپا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و یەکێتیی ئەوروپا دەکاتە هاوتایەکی سەربازی گەورەهێزانی دیکەی جیهان وەک ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین.

هەبوونی سوپایەکی ئەوروپی دەرگا واڵا دەکات بۆ دەستێوەردانی سەربازی ئەوروپی لە سەر سنوورەکانی خۆی.

هەرچی پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە بێ، هێزی سەربازی سەنگێکی زیاتری سیاسیی دەداتە یەکێتیی ئەوروپا و لەو ڕوانگەیەشەوە وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق و ئێران ناچار دەبن پترمل بۆ داواکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە بواری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیدا بدەن کە ئەوانە پرەنسیپی نەگۆڕی ناسنامەی ئەوروپین و کۆڵەکەیەکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پێکدەهێنن. ئەمەش بە بڕوای من لە ئاستی دوورمەودا بە سوودی کورد و دۆزە ڕەواکەی دەشکێتەوە.

زانا هەڵۆ کوردە، برۆکسل 18-11-2018
تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close
Close