په‌نابه‌ران

هۆڵه‌ندا له‌ سه‌ر پرسی په‌نابه‌ران داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكومه‌تی یۆنان ده‌كات

مارك خاربێرس، جێگری وه‌زیری داد و به‌رگری هله‌ندا، حكومه‌تی یۆنان تۆمه‌ت بار ده‌كات كه‌ كارێك ناكات بۆ چاك كردنی دۆخی ژیانی په‌نابه‌رانی كه‌مپی مۆریا له‌ دورگه‌ی لێسڤۆس.

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا، داوایان له‌ حكومه‌تی یۆنان كرد، زانیاری زیاتر وه‌ر بگرن له‌ سه‌ر ژیان و بار دۆخی په‌نابه‌رانی كه‌مپی مۆریا، دوای بڵاو كردنی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ناحكومی Oxfam كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا له‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی Pishti-News بڵاومان كرده‌وه‌

. كلیكی ئێره‌ بكه‌ بۆ ڕاپۆرته‌كه‌

رێكخراوی Oxfam له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا كه‌ لاوی كردۆته‌وه‌، باسی ده‌ستدرێژی سێكسی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ده‌كات و هه‌روه‌ها باسی گیان له‌ ده‌ستدانی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران ده‌كات به‌ هۆی سه‌رما و شوێنی مانه‌وه‌یان له‌ كه‌مپی مۆریا.

دوای داواكه‌ی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌، جێگری وه‌زیری به‌رگری هله‌ندا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، كه‌ یۆنان پێویسته‌ به‌ زوترین كات بار و دۆخی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ باشتر بكات به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ دورگه‌كانن.

خاربێرس له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا، مارك روتێ، سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، له‌ گه‌ڵ ئه‌لێكسیس چیپراس، سه‌رۆك وه‌زیرانی یۆنان پرسی په‌نابه‌رانی یۆنانیان تاوتوێ كرد. مارك روتێ، داوای له‌ چیپراس كرد كه‌ بار و دۆخی ژیانی په‌نابه‌رانی كه‌مپه‌كانی دورگه‌كان باشتر بكات به‌ هۆی وه‌رزی زستانه‌وه‌ و له‌ وه‌ڵام دا چیپراس به‌ڵێنی پێدا، كه‌ وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران له‌ هه‌وڵی ئه‌و كاره‌دایه‌ و له‌ داهاتووش دا ئه‌نجامی ئه‌رێنیان ده‌بێت.

حكومه‌تی هۆڵه‌ندا له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌ گه‌ڵ كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌ورووپا و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ژیان و بار و دۆخی په‌نابه‌رانه‌ له‌ یۆنان به‌ تایبه‌تی له‌وانه‌ی كه‌ له‌ دورگه‌كان گیریان خواردووه‌.

هه‌روه‌ها خاربێرس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا به‌ به‌رده‌وامی داوا له‌ حكومه‌تی یۆنان ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی خێرایی وه‌ڵامی كه‌یسه‌كانی په‌نابه‌ران بداته‌وه‌، ئه‌وه‌ی مافی هه‌یه‌ مافی په‌نابه‌رێتی وه‌ر بگرێت، ئه‌وه‌شی مافی نیه‌، دیپۆرتی وڵاته‌كه‌ی بكرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌ورووپا. له‌ كۆتایدا جه‌ختی له‌وه‌ش كرد، كه‌ وڵاتی یۆنان بودجه‌یه‌كی زۆر وه‌ر ده‌گرێت له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌ورووپا و EASO و Frontex, بۆیه‌ پێویسته‌ ژیانی په‌نابه‌رانی كه‌مپه‌كانی دورگه‌كان باشتر بكرێن.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close