په‌نابه‌ران

وه‌ته‌بێژی UNHCR بۆ Pishti-News : به‌شێك له‌ په‌نابه‌ره‌كان له‌ ماڵاكان ده‌رده‌كرێن

دوای بڵاوكردنی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نافه‌رمی له‌ لایه‌ن UNHCRه‌وه‌ بۆ په‌نابه‌ران كه‌ گوایه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی سودمه‌ند بوون له‌ پرۆگرامی ESTIAی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران بۆ وه‌رگرتنی خان و ، له‌ دوای 31/03/2019 ده‌رده‌كرێن، Pishti-News وه‌ك یه‌كه‌م میدیای فه‌رمی بڵاوی كرده‌وه‌ به‌ زمانی كوردی و ئه‌گه‌ره‌كانی خسته‌ ڕوو، په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ خاتو ستێلا نانو (Stella Nanou) وته‌بێژی ڕاگه‌یاندنی UNHCR له‌ ئه‌سینا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌مان بۆ پشت ڕاست بكاته‌وه‌.

له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، خاتو نانو به‌ به‌ڕێوبه‌ری Pishti-Newsی ڕاگه‌یاند:

به‌ڵێ ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕاسته‌، ئه‌مه‌ بریارێكی فه‌رمی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنانه‌ كه‌ بۆمان هه‌تووه‌ و ئێمه‌ پێویسته‌ جێ به‌ جێی بكه‌ین.

پشتیوان جاف: خاتو نانو، ئه‌م بریاره‌ كێ ده‌گرێته‌وه‌؟ كام په‌نابه‌رانه‌ به‌ تایبه‌تی؟

ستێلا نانو: بریاره‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان وه‌رگرتووه‌ تا 31/07/2017 و سودمه‌ند بوون له‌ وه‌ر گرتنی خان و ده‌توانن تا 31/03/2019 له‌ خانوه‌كان بمێنه‌وه‌ و پاشان پێویسته‌ ده‌ربچن له‌ خانوه‌كان، چونكه‌ پرۆگرامی ESTIA ، پرۆگرامێكه‌ بۆ دابین كردنی خانو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌و كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتی ده‌كه‌ن، نه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان وه‌رگرتووه‌. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ر داوای مافی په‌نابه‌رێتیان كردووه‌ له‌ دورگه‌كان و گیریان خواردووه‌، وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان، بریاری دا ئه‌وانه‌ی كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان وه‌رگرتووه‌ تا 31/07/2017 و خانویان هه‌یه‌ پێویسته‌ ماڵه‌كان چۆڵ بكه‌ن و ئه‌و خانوانه‌ بدرێنه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ نوێیه‌ كه‌ له‌ دورگه‌كاندان.

پشتیوان جاف: ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ ده‌ر ده‌كرێن له‌ خانوه‌كان چیان لێ ده‌كرێن؟ وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ده‌گوترێت كه‌ موچه‌كه‌شیان ده‌بڕن. ڕاسته‌؟

ستێلا نانو: به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خانویان وه‌رگرتووه‌ و مافی په‌نابه‌رێتیشیان هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌زانین كێن و ئه‌و كه‌سانه‌مان ئاگادار كردۆته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌وه‌ و به‌رده‌وامیشین له‌ ئاگادار كردنه‌وه‌یان چونكه‌ گشتیان ئاگادار ناكراونه‌ته‌وه‌ هێشتا. سه‌باره‌ت به‌ موچه‌كانیان، ئێمه‌، پێیان ده‌ڵێین تا 31/03/2019 خانوه‌كان چۆڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ چۆڵی بكه‌ن له‌و وه‌خته‌دا، ئه‌وا ئێمه‌ تا 3 مانگی دیكه‌، موچه‌یان پێده‌ده‌ین واته‌ تا 31/06/2019. ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ڕازی نه‌بن و ڕێگری بكه‌ن له‌و پرۆسه‌یه‌، كاری یاساییان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێن و موچه‌كه‌شیان بۆ 3 مانگه‌كه‌ نوێ ناكرێته‌وه‌ به‌ڵكو له‌و كاته‌دا ڕایده‌گرین.

پشتیوان جاف: خاتو نانو، ئه‌م بریاره‌ هه‌موو په‌نابه‌رێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ مافی په‌نابه‌رێتیان وه‌رگرتووه‌؟ بۆ نمونه‌ خێزانه‌كانیش یاخود خاوان پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كانیش؟

ستێلا نانو: به‌ پێی ئه‌و بریاره‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانه‌وه‌ هاتووه‌ بۆمان، هه‌موو كه‌سێك ناگرێته‌وه‌ بێگومان. ئێو خێزانانه‌ی كه‌ ئافره‌ته‌كانیان دووگیانه‌ له‌ مانگی 6 و به‌ره‌و سه‌ره‌، ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ خاوان تایبه‌تیه‌كیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ ناگرێته‌وه‌، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌و كه‌ منداڵیان هه‌یه‌ و منداڵه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌ی یۆنانی ده‌خوێنن و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌یش وه‌ك حاڵه‌تی تایبه‌ت.

پشتیوان جاف: بۆچی ئه‌م بریاره‌ ده‌رچووه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ چیان لێ دێدێت پاشان كه‌ ده‌رده‌كرێن له‌ خانوه‌كان؟

ستێلا نانو: وه‌ك پێشوتر ئاماژه‌م پێدا، ئه‌م برۆگرامه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیان كردووه‌، نه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵه‌ له‌ وڵاتی یۆنان ماونه‌ته‌وه‌ و مافی په‌نابه‌رێتیسیان وه‌ر گرتووه‌. به‌ پێی بریاره‌كه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ پێویسته‌ زمانی یۆنانی بزانن و بتوانن و پرۆگرامی تایبه‌تیش هه‌یه‌ بۆ فێربوونی زمان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌توانن له‌ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ سودمه‌ند بن و هه‌وڵی فێربوونی زمان و هه‌لی كار بده‌ن و بتوانن خۆیان بژێوی ژیانی خۆیان به‌ ده‌ست بێنن.

له‌ هه‌مان چاوپێكه‌وتن دا وته‌بێژی UNHCR ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ئێستادا خانو نه‌ماوه‌ بۆ دابش كردنی په‌نابه‌رانی نوێ كه‌ له‌ دورگه‌كان دان و جه‌ختێكی زۆر هه‌یه‌ له‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران بۆ كه‌م كردنی ڕێژه‌ی دورگه‌كان، بۆیه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌، ده‌توانێت كار ئاسانی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بكات و بتوانرێت ڕێژه‌ی په‌نابه‌ره‌كان له‌ دورگه‌كان كه‌متر ببنه‌وه‌.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close