خورهه لاتی ناوه راستوتار

‫ئەنجامی دانوستاندنەكانی ئەحزابی ڕۆژهەڵات لەگەڵ كۆماری ئیسلامی

 

‫لەم قۆناغەی ئێستادا زیاتر لە هەمووكات پێویستە سەركردەكانی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات پاشەكشەی تەواوەتی بكەن لەو دانوستاندنە بێبنەماو مایەپوچانە لەگەڵ ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە ژوورە تاریكەكان. دەبینن لە كوردستانی ڕۆژهەڵات جارێكی دیكە ڕژێمی مەلاكان چۆن بەشێوەی وەحشیگەرانە گەلی كورد سەركوت دەكەن و شار و كۆڵانەكانیان خەڵتانی خوێنكردووە و ڕێگە نادەن گەلی كورد بە ئازادانە دەنگ هەڵهێنێت و داوای سەرەتایترین مافەكانیان بكەن!!! بەپێی سەرچاوەكانی ناوخۆی كوردستانی ڕۆژهەڵات و بڵاوبونەوەی وێنەو ڤیدیۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هێزێكی زۆری ئەمنی و سەربازی لە شارەكانی ڕۆژهەڵات بڵاوەیان پێكراوە و هێزە سەركوتكەرەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ڕۆڵەكانمان دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە و تەنانەت بریندارەكانیش دەستگیر دەكەن. ‬

‫بۆیە دەبێ بپرسین: دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە پای چی و لەسەر چ بنەمایەك؟‬

‫زیاتر لە چل ساڵە ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەچەوسێنێتەوە و سەركوتی دەكات و دانینەناوە بە سەرەتایترین مافە سروشتیەكانی نەتەوەیی كورد. هەر لە ماوەی هاتنە سەركاری ئەو ڕژێمە ستەمكارە چەندین جار بە ئاشكرا و نهێنی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ڕۆژهەلات بەمەبەستی درۆینە و فێڵكردن بە ناوی دانوستاندن لەسەر دۆزی كورد كۆبووەتەوە.. بەڵام ئەنجامی هەموو كۆبونەوەكان مایە پووچ بووە بەجۆرێك كۆماری ئیسلامی لەو بەناو دانوستاندنانەدا تەنها ئامانجی تیرۆركردنی سەركردەی پارتە سیاسیەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و كاتكوشتن بووە. ‬

‫بەڵام جێگای پرسیارە؟ هێشتاش بەشێك لە ئەحزابی سیاسیی كوردستانی ڕۆژهەڵات باوەڕیان بە دانوستاندن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ماوە! دانوستاندن لەگەڵ ڕژیمێك كە هیچكات ئامادە نیە گفتوگۆ لەسەر پرسێك بكات و دانی پێدابنێت كە وەكو دۆزی نەتەوەیی كورد پێناسە بكرێت. كە چی بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵات لە ژورە تاریكەكان لەگەڵ ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دەچنە كۆبونەوەیەك كە هیچی جیاواز نیە لەگەڵ ئەنجامەكانی دانوستاندنە فێڵاویەكانی ڕابردوو كە تێیدا كۆماری ئیسلامی چۆن بەكاتكوشتن و تیرۆركردنی سەركردەكانی پارتەكانی ڕۆژهەلات كۆتای بە كۆبونەوەكان هێناوە. ‬

‫ڕژێمی كۆماری ئیسلامی هەركاتێك لەوپەڕی لاوازیدا بێت لە پێناو مانەوەی دەكەوێتە پەیوەندی و دانوستاندن بە شێوەیەكی نهێنی لەگەڵ ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانی و كوردی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی. لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی گوشارەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ڕژێمی ئێران توشی قەیرانێكی بێوێنەی ئابوری و سیاسیی هاتووە و كەوتووەتە لێواری مەرگ. هەر بۆیە كۆماری ئیسلامی زنجیرەیەكی دیكەی دانوستاندنی فێڵاوی مایەپوچ لەگەڵ بەشێك لە پارتەكانی كوردی ڕۆژهەڵات لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی وەكو ”نەرویج” سازدا.. كە تەنها ئامانجی ڕژێمی مەلاكان فریودانی عەقڵی سیاسیی ئەحزابی سیاسیی كوردی ڕۆژهەڵات و كاتكوشتن بوو و هیچی تر. ‬

‫سەركردەی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی كە باوەڕیان بە دانوستاندن هەیە لەگەڵ ڕژێمی مەلاكان دەبێت باش لەو لۆژیكە تێبگەن كەوا ڕژێمی كۆماری ئیسلامی كاتێك شوێنی لوتكەی كۆبونەوەكانتان بە دووری سەدان كیلۆمەتر لە كەمپەكانی كوردستانی باشور موشەك باران دەكات و تیرۆرتان دەكات لە كاتێكدا ئێوە لەسەر پرسی كورد كۆبونەتەوە ڕژێم موشەك بارانتان دەكات.. ئیدی چۆن بڕواتان بەو ڕژێمە هەیە درێژەی دانوستاندنی پرسی كوردی لەگەڵ بدەن؟؟؟‬

‫لە قۆناغی ئێستادا ئەو هەنگاوە كرداریانەی كە پێویستی جێبەجێكردنە بۆ پاڵپشتی لەو سەرهەڵدانەی گەلی كورد لەناوخۆی كوردستانی ڕۆژهەڵات، یەك گوتاری ئەحزابی سیاسیی كوردی ڕۆژهەلات و پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانیە كە بتوانێت پڕۆژەی سیاسیی ئایندەی كوردستانی ڕۆژهەڵات دیاریبكات.. بەتایبەتی هەنگاوێكی هەنوكەی خێرا.. پێكهێنانی هێزێكی نیشتمانی پێشمەرگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمكاریانەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە گەلی كورد و ئەگەری سەرهەلدانی ڕاپەڕینێكی سەرتاسەرییە لە ڕۆژهەڵات. ‬

‫نوسینی/بەهمەن حەسەن

په‌یامنێری Pishti-News له‌ ئەوروپا

 

زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close