په‌نابه‌ران

باندێكی قاچاخچێتی كورد و تورك له‌ یۆنان ده‌ستگیر كران

ده‌زگای هه‌واڵگری یۆنان و ئه‌وروپا و به‌ریتانیا به‌دوای ئه‌م بانده‌ ده‌گه‌ڕا

قاچاخچیه‌كی به‌ناوبانگی كورد له‌ وڵاتی یۆنان، كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانی و یۆنانی و ئینته‌رپۆلیش به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستگیر كرا.

یه‌كێك له‌ قاچاخچیه‌كان ناسراو به‌ ئه‌بو عه‌لۆ، یه‌كێك بوو له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ هه‌میشه‌ كاری قاچاخچێتی ده‌كرد له‌ توركیا و یۆنان و ئیتاڵیاشدا. مانگی 10ی ڕابردوو، ئه‌بو عه‌لۆ دزۆرایه‌وه‌ له‌ ئه‌سینا له‌ لایه‌ن ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی به‌ریتانیا، و زانیارییان دا به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی یۆنان تاكو ده‌ستگیری بكه‌ن. له‌و كاته‌وه‌ی، ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی یۆنان به‌دوایه‌وه‌ بوون بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ سه‌ر كاره‌ نایاساییه‌كانی . له‌ سه‌ره‌تای مانگی دووه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ 19 كۆچبه‌ر كورد و ئێرانی له‌ نێو یه‌ختێكی دزراودا ده‌ستگیر كران، له‌ هه‌مان ڕۆژدا ئه‌بو عه‌ڵۆش ده‌ستگیر كرا.

به‌ پێی میدیاكانی یۆنان، ئه‌بو عه‌لۆ كه‌سێكی ناسراو بوو له‌ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان، چونكه‌ ته‌نها كۆچبه‌ری نه‌ده‌گواسته‌وه‌ به‌ڵكو كاری ماده‌ی هۆشبه‌ریشی ده‌كرد له‌ یۆنان بۆ توركیا، له‌ توركیاشه‌وه‌ بۆ یۆنان. هه‌روه‌ها یه‌ختی ده‌كری بۆ كاری قاچاخچێتی خۆی و بۆ قاچاخچی دیكه‌یش.

به‌ پێی ڕۆژنامه‌یه‌كی یۆنانی، ئه‌بو عه‌لۆ له‌ مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو، گه‌شتی كردبوو بۆ وڵاتی جه‌به‌ل ئه‌سوه‌د، له‌وێ یه‌ك ته‌ن حه‌شیشیان خستبووه‌ ناو یه‌ختێكه‌وه‌ به‌ ناوی ”My Dream”. دواتر له‌ 21/8/2019دا، یه‌خته‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی مانی له‌ یۆنان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، به‌ڵام ئه‌بو عه‌لۆ له‌ ناو یه‌خته‌كه‌دا نه‌بوو، بۆیه‌ خۆی ده‌ستگیر نه‌كرا. به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی یۆنان، به‌ نیاز بوو، یه‌خته‌كه‌ بنێرێت بۆ وڵاتی توركیا، له‌وێس یه‌ك ته‌ن حه‌شیشه‌كه‌ به‌ هیرۆین بگۆڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا، ئه‌بو عه‌لۆ ئه‌م كاره‌ی دووباره‌ كردبوو.

ئه‌بو عه‌لۆ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ جه‌به‌ل ئه‌سوه‌د دووباره‌ خۆی گه‌یانده‌ وڵاتی یۆنان و به‌رده‌وام بوو له‌ كاری قاچاخچێتی.

ئه‌بو عه‌لۆ له‌ گه‌ڵ كێ كاری قاچاخچێتی ده‌كرد

سه‌ركرده‌ی بانده‌كه‌ هاوڵاتیه‌كی توركیا بوو به‌ ناوی Τuncai Korkmaz ته‌مه‌ن 49 ساڵ، له‌ ساڵی 2016ه‌وه‌ له‌ زینداندایه‌ له‌ ناوچه‌ی نافپلیۆ. Τuncai Korkmaz، ناوێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ نێو قاچاخچیه‌كاندا، ئه‌و باندی جۆرجی و زۆرینه‌ی قاچاخچیه‌ گه‌وره‌كانی ده‌ناسی، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی باشی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ كاپتن و موهه‌ندیسی ئوكرانی كه‌ ده‌یانتوانی یه‌خته‌كان چاك بكه‌نه‌وه‌. وه‌ك له‌ میدیاكانی یۆنان باس ده‌كرێت، ئه‌و ڕێو شوێنی ده‌دا به‌ قاچاخچیه‌كانی ژێر ده‌ستی، په‌یوه‌ندی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ مافیا گه‌وره‌كانی وڵاتی جه‌به‌ل ئه‌سوه‌د بۆ بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر.

Τuncai Korkmaz، كه‌سێكی دیاری كراو بوو له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری یۆنان و Europolی ئه‌وروپی و ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانی National Crime Agency. ئه‌و هه‌موو 6 مانگ جارێك، 3 بۆ 4 یه‌ختی ده‌نارد له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئیتاڵیا. له‌م كۆتاییه‌دا له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌، یه‌خته‌كه‌ی كڕی به‌ 30.000 یۆرۆ به‌ هاوكاری ئه‌بو عه‌لۆ، 100.000 یۆرۆشی ده‌ست ئه‌كه‌وت.

یه‌ختی 100 سه‌رنشینی

Τuncai Korkmaz كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، پاره‌ی خه‌یاڵی له‌ به‌رده‌ستدا بوو. له‌ توركیاوه‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ری ده‌گواسته‌وه‌ بۆ ناو خاكی یۆنان. هه‌ر جارێك نزیكه‌ی 50.000 یۆرۆی قازانج ده‌كرد. كه‌سێكی ناوداره‌ له‌ وڵاتی توركیا. هه‌ر بۆیه‌ یه‌ختێكی گه‌وره‌ی كڕیبوو كه‌ 100 سه‌رنیشینی ده‌گرت. مافیا گه‌وره‌كانی جۆرجیا، كاپتنی ئوكرانی  و ڕووسی بۆ یه‌خته‌كانیان په‌یدا ده‌كرد.

چۆن پۆلیسی یۆنان به‌دواداچوونی له‌ سه‌ر ئه‌بو عه‌لۆ ده‌كرد

به‌ پێی بڵاو كراوه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان و میدیاكانی یۆنان، له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2019دا، له‌ سه‌نته‌ری ئه‌سینا له‌ شه‌قامی ئاگیو مێلێتیو، پۆلیس به‌دوای ئه‌بو عه‌لۆ بوو. ویستیان له‌ ڕێگا ده‌ستگیری بكه‌ن به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ توشی ڕووداوێكی هاتوچۆبوو به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كه‌ به‌ كرێ گرتبووی، پلانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان هه‌ڵوه‌شا و ده‌ستگیریان نه‌كرد. ئه‌بو هه‌ڵۆ ئه‌و كاته‌ سه‌رخۆش بوو، خۆی كێشا به‌ ژماره‌یه‌ك شۆفێری ته‌كسی له‌ پلاتیا ئه‌تیكی. دواتر ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا.

دواتر ئه‌بو عه‌لۆ له‌ ڕێگه‌ی ئینتێرنێته‌وه‌ په‌یه‌وندی ئه‌كرد به‌ خاوه‌ن یه‌ختی كۆن و لێیان ئه‌كری و په‌نابه‌ر و كۆچبه‌ری پێ ئه‌نارد بۆ ئیتاڵیا. له‌ هه‌مان كاتدا په‌یه‌وندی به‌هێزی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ Τuncai Korkmaz كه‌ له‌ زینداندا بوو، كه‌ پۆلیس و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان به‌ سه‌رۆكی بانده‌كه‌ی ده‌ناسن.

چۆن پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان  گه‌یشتنه‌ ده‌سرگیر كردنی ئه‌بو عه‌لۆ و بانده‌كه‌

 

له‌ كۆتای مانگی 12ی 2019دا، ئه‌بو عه‌لۆ یه‌ختێكی كڕی به‌ ناوی Elpida له‌ دورگه‌ی ئێگینا به‌ 14.000 یۆرۆ. كردی به‌ ناوی ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ كه‌ خێزانی كه‌سێكی پاكستانیه‌ و له‌ هه‌مان گرتوخانه‌ی Τuncai Korkmaz ئه‌ویش ده‌ستگیر كراوه‌.

كاپتنێكی یۆنانی له‌ دورگه‌ی ئێگینا یه‌خته‌كه‌ی هێنا بۆ ناوچه‌ی ڤاركیزا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێسینا بۆ چاك كردنی یه‌خته‌كه‌. دواتر پلان وابوو بگاته‌ ناوچه‌ی مێسینییا كه‌ له‌وێ په‌نابه‌ره‌كان سه‌ر بخات و به‌ڕێ بكه‌ون به‌ره‌و ئیتاڵیا.

له‌ 25ی 1ی 2020دا, یه‌خته‌كه‌ گه‌یشته‌ مینای ناوچه‌ی مێسینیا (Messinia). ڕۆژێك دواتر به‌ دوو كاپتنی ڕوسی به‌ڕێكه‌وت بێ په‌نابه‌ر به‌ره‌و مینای كه‌تاكۆلۆ له‌وێ كاپتنه‌كان به‌ ئه‌بو عه‌لۆ و سه‌رۆكی بانده‌كه‌یان وت كه‌ یه‌خته‌كه‌ كێشه‌ی GPSی هه‌یه‌ و ئۆتۆماتیكی یه‌خته‌كه‌ كار ناكات. Τuncai Korkmaz پێی وتن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌سینا.

له‌ 1ی 2ی 2020دا یه‌خته‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی ڤاركیزا بوو، 400 مه‌تر دووری وشكانی. دوو كاپتن له‌ نێو یه‌خته‌كه‌دا بوون. پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی یۆنان، ئاگایان له‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌ ته‌لیفۆنه‌كانی بانده‌كه‌ بوو، گوێیان له‌ پلانیان ده‌گرت. چیان به‌ شۆفێره‌كه‌ فه‌گوت و چۆن چه‌ند كه‌سێك چاودێری یه‌خته‌كه‌ بكات تاكو پۆلیس نه‌یان بینێت.

له‌ نێو ته‌لیفۆنه‌كه‌دا ده‌یانگوت:

سه‌رۆكی بانده‌كه‌: برام، بڕۆن. ته‌واو دۆزرانه‌وه‌.

ئه‌ندام: به‌ڵێ ئه‌وانی دۆزیه‌وه‌

سه‌رۆكی باند: به‌ڵێ به‌ڵێ، ئه‌وانی دۆزیه‌وه‌. ته‌واو بڕۆن.

ئه‌ندام: باشه‌ برام

سه‌رۆكی باند: گوێ بگره‌. ئه‌گه‌ر پۆلیست بینی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ پێم بڵێ. ته‌لیفۆنێكم بۆ بكه‌ و پێم بڵێ

ئه‌ندام: باشه‌.

پۆلسی یۆنان سات به‌ سات ئاگای له‌ جوڵه‌ی یه‌خت و پلانی بانده‌كه‌ بوو. نزیكه‌ی 5 ئۆتۆمبیل گه‌یشتنه‌ ناوچه‌ی ڤاركیزا كه‌ هه‌موویان 19 كۆچبه‌ری كورد و ئێرانیان هێنابوو بۆ یه‌خته‌كه‌.

دواتر هێزی ده‌ریاوانی یۆنان نزیك دورگه‌ی ئیدرا (Ydra) هه‌وڵیدا یه‌خته‌كه‌ ڕاوه‌ستێنێت به‌ڵام كاپتنه‌كان ڕانه‌ده‌وه‌ستان و دوای 50 خوله‌ك توانیان ڕایوه‌ستێنن. له‌ یه‌خته‌كه‌دا 2 كاپتنی ئوكرانی ده‌ستگیر كران و له‌ كابینه‌ی یه‌خته‌كه‌یشدا 19 كۆچبه‌ری كورد و ئێرانی. له‌ نێویاندا 4 منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18  ساڵ.

یه‌خته‌كه‌ هیچ چوپێكی سه‌لامه‌تی تێدا نه‌بوو، ئه‌وه‌ش ژیانی كۆچبه‌ره‌كانی ده‌زسته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی یۆنانی Elefthros Typos, ڕۆژنامه‌ی یۆنانی Kathimerini, ڕۆژنامه‌ی یۆنانی ProtoThema

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close
Close