کوردستان

ڕژێمی تاوانکاری ئێران ڕۆڵەکانی کورد لە سێدارە دەدات و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێکەس ماوەتەوە

 

ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە و بە پیلانێکی سیستماتیک لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڤید_19 مەکینە کورد کوژەکەی پەتی سێدارەی خێراتر لە جاران خستووەتەوە کار و ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانەکاندا بێ باکانە لە سيدارە دەدات. بەداخەوە جارێکی دیکە لە ئاستی نێو دەوڵەتی و هەرێمی، بەتایبەتی میدیاکانی باشوری کوردستان بێدەنگن لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی تاران بەرامبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە پشتیوان و بەشداربوونە لە هەموو سەرکەوتن و ڕووداوە مێژوویەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وە لەو پێناوەدا هەمیشە قوربانیەکی زۆریانداوە.

لێرەدا تەنها چەند نەموونەیەک وەبیر دێنینەوە.. ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان لەبەر دەربڕینی پشتگیریەکانیان بۆ گشتپرسیەکەی باشوری کوردستان لەساڵی 2017 هێشتاش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ستەمکار لە ژێر ئەشکەنجەدان، هەروەها لەبەر نیشاندانی پشتیوانی و دەربڕینی خۆشی و شادییان بۆ “جەلال تاڵەبانی” و بوونی بە سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی 2005، ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات هێشتاش برینەکانیان چاک نەبووەتەوە کە بەدەستی ڕژێمی مەلا تاوانکارەکانی تاران لەو ساڵەدا سەرکوتکران و لێیان درا.

ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارێکی سەرەکی بوون و تا ئێستاش لەوێ لە ڕیزی شەڕوانەکانی ڕۆژئاوا بەشدارن و چەندین کەسیشیان لێ شەهید بووە لەو شۆڕشەدا. ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوان و بەشداری بەشێکی سەرەکی شۆڕشی باکوری کوردستانن وە لەو شۆڕشەدا بەسەدان ڕۆڵەی ڕۆژهەڵات شەهید کران وە هێشتاش لەو شۆڕشەدا بەشدارن.

بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیەکی قوڵ و ئەسەفە ئەویش ئەوەیە ئەمڕۆ ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی تاوانکار دەنگیان نابیسترێت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەنها ماوەتەوەو وەکو پێویست پارچەکانی دیکەی کوردستان پشتگیری ناکەن.

پشتگیری و بەهاناوە چوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردار پێویستە نەوەکو بە لێدوان و بەیاننامەیەکی مایە پووچ. زیاتر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەمڕۆ باشوری کوردستان کە خاوەنی ئیدارەیەکی سەربەخۆیە و ڕێژەیەکی زۆر دەزگای ڕاگەیاندن و میدیا تێیدا چالاکە بۆیە دەتوانن لانیکەم لە ڕووی میدیاییەوە دەنگی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بگەیەنن تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی وەها دروستبکات بە جۆرێک پێش بە تاوانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بگیردرێت بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێی زانیاری و ئاماری ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی کە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ کاردەکەن و گرنگی بە کەیسی زیندانیانی سیاسی کورد دەدەن لە زیندانەکانی ڕژێمی تاوانکاری ئێران.
ڕێژەی لە سێدارەدراوانی زیندانیانی کورد کە تۆمەتی جۆراوجۆری سیاسیان خراوەتە پاڵ یان بە تۆمەتی دیکە زیندانی کراون و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
ئەگەر چی لەبەر فشارەکانی ڕژێمی ئێران کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاماری دروست دەکات، ژمارەی ئامارەکان لەوە زیاترە کە بڵاوکراوەتەوە. بەڵام سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کەوا ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ساڵی 2019 زیاتر لە 18% هاونیشتمانیانی کورد بوون. وە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2020 زیاتر لە 10 هاونیشتمانی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون. هەروەها لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دەستپێکی مانگی ڕەمەزانیشدا ئاماری لە سێدارەدانی چوار هاونیشتمانی دیکەی کورد پشتڕاستکراوەتەوە.

بەپێی دواین زانیاریەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی تاوانکار لە شەپۆلێکی نوێدا دەستیکردووەتەوە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی هاونیشتمانیانی کورد لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تۆمەتی بێبنەمای جۆراوجۆری سیاسییان دەخاتە پاڵ و دەیانخاتە کونجی زیندانەکان. لە ڕۆژانەی دوایدا زیندانی سیاسی کورد “زەینەب جەلالیان” کە لە دادگایەکی شانۆگەری و ناعادلانەدا بە زیندانی هەتاهەتای حوکمدراوە، لە زیندانی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شوێنێکی نادیار لە لایەن کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی تاوانکار ڕاگواستراوەو چارەنوسی نادیارە.

بەهمەن حەسەن/ 30/5/2020

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close