په‌نابه‌ران

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان: پێویسته‌ 11.000 په‌نابه‌ر و كۆچبه‌ر ڕه‌وانه‌ی توركیا بكرێنه‌وه‌

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ 100.000 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر له‌ ئێستادا له‌ یۆناندا هه‌ن كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیان كردووه‌ و له‌ دوای كۆتایی هاتنی ڕێنماییه‌كان، یۆنان ده‌ست به‌ دیپۆرت كردنی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران ده‌كات

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، نۆتیس میتاراكیس، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ڕادیۆی سكایی یۆنانی ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ ئێستادا 100.000 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر هه‌ن كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیان كردووه‌، له‌ نێویاندا 34.000 له‌ 5 كه‌مپi دورگه‌كاندان و ئه‌وه‌ش بارودۆخی دورگه‌كانی تێكداوه‌. به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌وڵێكمان داوه‌ به‌شێك له‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كاندان و له‌ حاڵه‌تی تایبه‌تدان، ڕه‌وانه‌ی هۆتێل و كه‌مپی شار و شارۆچكه‌كانی باكوری یۆنانیان بكه‌ین. ئه‌وه‌ش تا ماوه‌یه‌كی كاتی، چونكه‌ بڕیارم داوه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2020, ئیدی هۆتێله‌كان به‌كار نایه‌ن بۆ مانه‌وه‌ په‌نابه‌ران به‌ڵكو له‌ ساڵی داهاتوو، هه‌موو په‌نابه‌ران ڕه‌وانه‌ی كه‌مپی داخراو ده‌كرێن.

سه‌باره‌ت به‌ داخستنی هۆتێله‌كان له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا، میتاراكیس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ دوای ساڵی 2020 دا، هۆتێله‌كان چی دیكه‌ به‌كار نایه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و تا ئێستا نزیكه‌ی 7.000 په‌نابه‌ر له‌ نێو هۆتێله‌كاندان. تا كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌وڵ ده‌درێت، وه‌ڵامی كه‌یسی هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بدرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ هۆتێلدا ده‌مێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی مافی په‌نابه‌رێتی وه‌رده‌گرێت، سودمه‌ند ده‌بێت له‌ پرۆگرامی ئیلیۆس و ئه‌وه‌شی ڕه‌فزی دووه‌م وه‌رده‌گرێت، دیپۆرت ده‌كرێته‌وه‌.

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، جه‌ختی له‌وه‌ش كرد، كه‌ پێویسته‌ 11.000 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر دیپۆرتی توركیا بكرێنه‌وه‌ و له‌ دوای ئاساییكردنی ڕێنماییه‌كانی هاتووچۆ به‌هۆی كۆرۆنا، ده‌ست به‌ دیپۆرت كردن ده‌كرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وتیشی، به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ نوێیه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا بڕیاری له‌سه‌ر درا، هه‌ر كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رێك دوو ڕه‌فز وه‌ربگرێت و مه‌ترسی هه‌ڵ هاتنی هه‌بێت، ده‌ستگیر ده‌كرێت.

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان له‌ ڕادیۆ Skai

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆی Skai یۆنانی

هه‌ورامان خالید

په‌یامنێری Pishti-News

تاگ
زیاتر ببینه

Hawraman Khalid

نووسەرو ڕۆژنامەنووس

Related Articles

Back to top button
Close