په‌نابه‌ران

فه‌ڕه‌نسا 750 په‌نابه‌ر له‌ یۆنان وه‌رده‌گرێت

به‌م زووانه‌ 750 په‌نابه‌ر له‌ یۆنانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن

 

جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، گیۆرگۆس كوموچاكۆس (Giorgos Koumoutsakos) له‌ گه‌ڵ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ یۆنان Patrick Maisonnave ڕێكه‌وتنێكیان ئه‌نجامدا بۆ ناردنی 750 په‌نابه‌ر له‌ یۆنانه‌وه‌ بۆ فه‌ڕه‌نسا.

پرۆسه‌كه‌ به‌م زووانه‌ ده‌ست پێده‌كات و له‌ ماگی 6دا یه‌كه‌م كاروانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ به‌ فرۆكه‌ی تایبه‌ت له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی  ئه‌سیناوه‌ ڕه‌وانه‌ی پاریس ده‌كرێن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان، خاتو كریتیكو له‌ لێدوانێكدا تایبه‌ت به‌ پشتی-نیوزی ڕاگه‌یاند:

ڕێكه‌وتنێكمان ئه‌نجام داوه‌ له‌ گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا بۆ ناردنی 750 په‌نابه‌ر.

350 په‌نابه‌ر منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵن و 400 كه‌سی دیكه‌یش په‌نابه‌ری سه‌رو 18 ساڵن كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیان له‌ وڵاتی یۆنان كردووه‌ و هێشتا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

به‌ پێی زانیاریه‌كان كه‌ تایبه‌ت ده‌ستی ماڵپه‌ڕی پشتی-نیوز كه‌وتون، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ وڵاتی یۆنانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن، زۆرینه‌یان ڕه‌گه‌زی ئه‌فریقین.

چۆن ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ دابه‌ش به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كرێن و له‌ كوێ ناوی خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن؟

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران، ئه‌وه‌شی به‌ پشتی-نیوز گوت:

ئێمه‌ وه‌ك وڵاتی یۆنان، په‌نابه‌ران هه‌ڵنابژێرین تاكو ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام بكه‌ین، به‌ڵكو به‌ پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی ده‌یكه‌ین، وڵاتانی ئه‌ندام لێمان داوا ده‌كه‌ن چ په‌نابه‌رێكیان ده‌وێت و چ په‌نابه‌رێك قبوڵ ده‌كه‌ن.

به‌ نمونه‌، وڵاتی ئه‌ڵمانیا داوای لێكردووین ته‌نها منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ و بێ دایك و باوكمان لێ وه‌رده‌گرێت.

وڵاتی فه‌ڕه‌نسا داوای په‌نابه‌ری ئه‌فریوی  و منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵی لێ كردووین. هه‌ر وڵاتێكی ئه‌ندام، داواكاریه‌كمان ئاراسته‌ ده‌كات و به‌ پێی داواكاریه‌كانی ئه‌وان، په‌نابه‌ریان بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ین.

به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان، نزیكه‌ی 5.300 منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ و بێ دایك و باوك هه‌ن له‌ یۆنان و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ڕه‌زامه‌ندیان داوه‌ بۆ وه‌رگرتنی 1.600 منداڵ.

بڕیار وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی 7ه‌وه‌، به‌شی یه‌كه‌می ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ به‌ فرۆكه‌ی تایبه‌ت له‌ ئه‌سیناوه‌ ڕه‌وانه‌ی پاریس بكرێن.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close