کوردستان

کوردانی ئەڵتاش نموونەی نەتەوەیەک

 

بەهۆی پەیوەندی و نزیکایەتییان لە تێکۆشانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قبوڵنەکردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی وە لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق_ئێران زیاتر لە 12,000 هەزار کوردی ڕۆژهەڵات کە ئاوارە و ڕوویانکردە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە زۆرە ملێ لەلایەن ڕژێمی صەدام حسێن لە سەرەتای هەشتاکان لە باشوری کوردستان ڕاگواستران بۆ کەمپێک بەناوی (ئەڵتاش) لە بیابانە وشکەکانی پارێزگای ئەنبار کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بەغدا و لە نزیک سنورەکانی سوریا و ئەردەن. تا ڕووخانی ڕژێمی بەعەس لە ٢٠٠٣ ئەو ئاوارانە لەو بیابانە وشکە دەستبەسەر بوون، بەڵام هیچکات ئامادە نەبوون لە پێناو ڕزگاربوونیان لەو ژیانە تراژیدیی و مردنە تەدریجییە داواکاری ڕژێمی بەعس قبوڵ بکەن و بە دژی شۆڕشی باشوری کوردستان بووەستنەوە.

بەڵام مخابن هەر هەمان ئەو کوردە ئاوارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر جارێکی دیکە بە ناچاری ئاوارە و پەرەتەوازە بوونەوە بەسەر چەند ناوچەی جیاوازدا بەشێکیان ڕوویانکردە سنورەکانی عێراق_سوریا، عێراق_ئەردەن، بەشێکی زۆریشیان گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێزیان لێگیراوە و تەنانەت لە زۆر مافی سەرەتای بێ بەشن وە سەرەڕای ئەوەی جیلێکیان لە عێراق لە دایکبوونە کە چی هێشتا زۆربەیان ناسنامەی عێراقییان نییە و لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی دەرەجە دو و سێ هەژمار دەکرێن. لەلایەکی دیکەشەوە ئەمنیەت و ئاسایشیان وەکو پێویست ناپارێزرێت و هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی ئێرانن لە هەرێمی کوردستان.

ئەگەر چی ئەو ئاوارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن UNHCR وەکو پەنابەر ناسراون وە مافی ئەوەیان هەیە بۆ وڵاتی (سێیەم) بەمەبەستی پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشیان ڕابگواسترێنەوە. بەڵام مخابن دیسان بەهۆی سیاسەتی ماکیاج کردنی دبلۆماسیەتی حکومەتی هەرێم، لە پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی خۆیدا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا وە کونسوڵی وڵاتانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستانی_عێراق هۆکارە بۆ ڕانەگواستنی ئەو ئاوارانە بە شێوەی فەرمی بۆ وڵاتی سێیەم.

هەرچی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە لەماوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەی عێراق چ لە سەردەمی صەدام حسێن وە چ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام حسێن هیچکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا بەکار نەهێناوە بە دژی بەرژەوەندیەکان و شۆڕشی باشوری کوردستان و دەسکەوتەکانیان. کەچی لەبەرامبەردا پارتەکانی باشوری کوردستان چ لە سەردەمی شۆڕشدا وە چ لە ئێران، یانیش لە عێراق، بە دژی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتکارانیان خیانەت و هەڵسوکەوتی خراپیان ئەنجامداوە و چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگریش هەیە لەوبارەوە.

تەنانەت لە ماوەی 30ساڵەی حوکمڕانی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی_عێراق مامەڵەی دامودەزگاکانی ئیدارەی ئەو هەرێمە و سیاسەتی پارتەکانی باشور ڕۆڵێکی پێویست و باشیان نەبینیوە لە پاڵپشتیکردنی شۆڕش و تێکۆشانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆرێک بەڵگە هەیە تەنانەت ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کەوا چۆن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی سیستماتیک توانیویەتی ملیۆنان دۆلار لە ڕيگای حیزبەکانی باشوری کوردستانەوە خزاندووەتە نێو پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەبەستی تێکدەرانە و پەرتەوازەکردنیان و لاوازکردنی شۆڕش و خەباتی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کەچی ئەمڕۆکە دەبینین لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری بەشێک لە دامودەزگا ئەمنیەکانی هەردوو زۆنی (سەوز و زەرد) بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی پێشوەختە و سیستماتیک شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەبەردەوامی دەخرێنە ژێر چاودێری چڕ و هەندێک جاریش ڕادەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیان دەکەنەوە. بەڵام بیریان چووەتەوە بڕبڕەی پشتی شۆڕش و دەسکەوتەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارە خۆ جێیەکەی ئێستای باشوری کوردستان، شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی شاخ پاڵپشتیان لە شۆڕی باشوری کوردستان کردووە.

نموونەی ڕادەستکردنەوەی زیندانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان موستەفا سەلیمی بە ئیتڵاعاتی ئێران و دالیا کچە برازای ساڵح موسلم سەرکردەی کارێزمای ڕۆژئاوای کوردستان بە میتی تورکیا تازەترین پادداشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو پارتی دەسەڵاتداری باشوری کوردستانە بە شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

بەهمەن حەسەن

تاگ
زیاتر ببینه

Related Articles

Back to top button
Close